رۆژی جيهانيی زمانی دایك؛ لە بەشەکانی کوردستان گرنگیی بە زمانی کوردی دەدرێت؟
رۆژی 21-2ـی هەموو ساڵێک رۆژی جیهانیی زمانی دایكە و هەموو گەلانی جیهان بە چالاكی جۆراوجۆر ئەو رۆژە بەرز رادەگرن. لە جیھاندا 6 ھەزار زمان ھەن، بەڵام زۆریان مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە و زۆرترین خەڵك قسە بە 100 زمان دەكەن، زمانی كوردیش لە پلەی 59-یەمین زمانی جیهاندایە.
مێژووی زمانی دایک
مێژووی زمانی دایک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1952و پاش سەربەخۆیی هیندستان لە ساڵی 1946. دوای ئەوەی پاکستان لە هیندستان جیابووەوە کە ئەو کاتە ویلایەتی بەنگلادیش بەشێکی لکێنراوبوو بە پاکستانەوە. زمانی ئۆردوو زمانی فەرمی هەردوو بەشی روژهەڵات و رۆژئاوای پاکستان بوو. بەشی رۆژهەڵاتی ئەو کاتی پاکستان بەنگالی بوون و ناچارکرا بوون کە زمانی ئوردوو بەکار بێنن لە هەموو بوارەکانی ژیانییاندا.
ساڵی 1952 ژمارەیەک قوتابی زانکۆی داکا دژی سیاسەتی یەکزمانی ناڕەزاییان دەربڕی، 11 کەس بەدەستی ھێزە ئەمنییەکانی پاکستان کوژران و، ساڵی 1956 دەوڵەت بەناچاری دانی بە زمانی بەنگالیدا نا.
رێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی 1999 رۆژی 21 ی شوباتی ھەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیھانی زمانی دایک ناساند و، ئەو رۆژەی وەک بیرھێنانەوەیەک بۆ قوربانیانی بەنگلادیش بە رۆژی زمانی دایک دیاریکرا.
ساڵی 2000 بۆ یەکەمجار یادی ئەم رۆژە مێژوویی و جیھانییە کرایەوە. یۆنسکۆ ھۆکاری ھەڵبژاردنی رۆژێکی جیھانی بۆ زمانی دایک، بۆ ھاوکاریکردنی فرەچەشنی و فرەڕەنگی زمان و کولتوورەکان گەڕاندەوە.
لە جیهان 6 هەزار زمان هەن
لە جیھاندا 6 ھەزار و 700زمان ھەن، زۆریان مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە، بەھۆی ئەوەی پیتی نووسینیان نییە و تەنھا لە قسەکردندا بەکاردێن، 200 بۆ 500 زمانیش مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە، بەھۆی ئەوەی ناتوانن خۆیان لەبەردەم تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنەکان رابگرن جگە لەو گرووپ و نەتەوانەی ژێردەستن و دەکەونە ژێر کاریگەری نەتەوەی سەردەست. زمانە زیندووەكانی جیهان بریتین لە:
– زمانی ماندراین 955 ملیۆن کەس
– زمانی ئیسپانی 405 ملیۆن کەس
– زمانی ئینگلیزی 360 ملیۆن کەس
– زمانی هیندی 310 ملیۆن کەس
– زمانی عەرەبی 295 ملیۆن کەس
– زمانی کوردی
– لە پلەی 59مین زمانی جیهانە
– 21 ملیۆن کەس بەکاریدێنن
– 0.31% ی دانیشتووانی جیهان
بەپێی ئینسکلۆپیدیای نیشتمانیی سوێدی بۆ ریزبەندی زمانە جیهانییەکان، لە جیهاندا 100 زمان زۆرترین خەڵک قسەیان پێدەکەن، لەنێویشیاندا زمانی ماندراین کە زمانی چینییەکانە 955 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن و لە ریزبەندی یەکەم زمانی جیهانی دایە، لەدوای ئەویش زمانی ئیسپانی دێت کە 405 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن و زمانی ئینگلیزیش 360 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن، هەرچی زمانی کوردیشە بەپێی ریزبەندی ئینسکلۆپیدیای نیشتمانیی سوێدی لەریزبەندی 59یەمین زمانی جیهاندایە و 21 ملیۆن کەس بەکاریدێنن، کە دەکاتە 0.31% ی دانیشتووانی جیهان.
زار و شێوەزارەکانی زمانی کوردی
زمانی کوردی پێنج زاری سەرەکی هەیە و هەر زارێکیش لە چەند شێوەزارێک پێکهاتوون کە بەمشێوەیەن:
شێوەزارەکانی گۆرانی: هەورامی، کەندولەیی، باجەلانی
شێوەزارەکانی زازاکی: زازاکی سەروو (دێرسیم)، زازاکی ناوەند (ئامەد)، زازاکی خواروو (رووها)
شێوەزارەکانی کورمانجیی سەروو: سەرحەدی، بادینی، بۆتانی، رۆژئاوایی
شێوەزارەکانی کورمانجیی خواروو: کەلهوڕی، فەیلی، کرماشانی
شێوەزارەکانی کورمانجیی ناوەند: سۆرانی، موکری، سلێمانی، گەرمیانی و ئەردەڵانی
پەیمانگەی سەردەمی ناحکومی بۆ زانستەکانی کۆمپیوتەر
٢١/٢/٢٠٢٤
پشتیوان علی